کورد، ایران و تاریخ

بازسازی تاریخ و هویت کورد در پرتو نقد عقل سیاسی مسلط ایرانی / تاریخی

کورد، ایران و تاریخ

بازسازی تاریخ و هویت کورد در پرتو نقد عقل سیاسی مسلط ایرانی / تاریخی

کورد، ایران و تاریخ

این وبلاگ به تعامل یا تقابل کورد و ایران و همچنین تقابل تاریخ با کورد - میترا خواهد پرداخت به این معنی که تاریخ با جوهر دین و فلسفه و عقل سیاسی ایران در ابتدا واکنشی در مقابل کنش سیاسی و فرهنگی کورد - میترا بود. تاریخ ایران و کرد چنان در هم تنیده شده اند که بررسی یکی بدون دیگری امکان پذیر نیست. در البته این تنیده شدن به معنی همگرایی و یا تعامل نیست بلکه از سنخ دیالکتیک است در عین تضاد امکان جدایی ان نیست اما دیالکتیک نیز نیست چون امکان ظهور سنتزی از این تقابل وجود ندارد این ارتباط از نوع ارتباط واقعیت یا امر نمادین با امر واقع است که در عین طرد امر واقع از سوی امر نمادین، بدون وجود ان امکانیتی نخواهد داشت. هویت کردی برای عقلانیت و تاریخ ایرانی چون امر واقعی بوده است که نظم نمادین ایرانی را با چالش مواجه کرده است در عین حال نظم نمادین ایرانی جز با نفی امر واقع کردی امکان تدوین و تثبیت نمی یافت.

توێژینەوە.. پەیوەندی نێوان ئیسلام و ناسیونالیزمی عەرەبی لە سەردەمی قورەیش تا بەعس/ داعش (بەشی یەکەم)

hersh qaderi. #هێرش_قادری 🔹🔸🔷 @HQADERI 🔷🔸🔹 | شنبه, ۱۰ فروردين ۱۳۹۸، ۰۲:۱۷ ب.ظ

توێژینەوە.. پەیوەندی نێوان ئیسلام و ناسیونالیزمی عەرەبی
لە سەردەمی قورەیش تا بەعس/ داعش (بەشی یەکەم)

https://www.google.com/url?sa=t&rct=j&q=&esrc=

د.هێرش قادری

پوختە: ئیسلام دینێکی جیهانیه،  دەرکەوتنی ئیسلام لە پەیوەندی لەگەڵ عەشیرەتی قورەیش وگۆڕانی بانگەشەی ئیسلامی بۆ دەوڵەتی قورەیشی، چارەنووسی ئیسلامی وعەرەبیزمی پێکەوە بەستەوە و ئاکامی هەنووکەیی ئەم چارەنووسە، پەیدابوونی ئیسلام گەرایی بریتییە لە توندڕەوی داعش کە لە ناخی ناسیونالیزمی عەرەبی حزبی بەعس سەرچاوەی گرتووە . دەمارگیری/ناسیونالیزمی عەرەبی لە سەردەمی عەشیرەتی قورەیش تا سەردەمی حزبی بەعس، هەروەها لە سەرەتای ئیسلامەوە تا داعشی ئەمڕۆ، بناغە و بنەڕەتی ئیسلامی پێکهێناوە و هەروەها ئیسلامیش بزوێنەر و ئستراتیژی باڵادەستی و ئامرازی هەژمونێکی ناسیونالیزمی عەرەبی بووە. دیالکتیکی عەقڵی ئابووری /ژیانی قورەیش/ عەرەب و پەیامی ئاسمانی خودایی لە عەقڵی سیاسی سەردەمی جێگرەکانی پێغەمبەردا (خەلافەت) خۆی نواند و جێگیر بوو و بە پیرۆز و ئاسمانی ئەژمار کراوە. دەسەڵاتی سەردەمی جێگرە‌کانی پێغەمبەر/دەوڵەتی ئیسلامی، ڕەوایی خودایی بووە کە لە دەقی قورئانەوە سەرچاوەی گرتووە و بە مەبەستی بەختەوەری هەموو جیهان، ئەرکی بەرگری لە ئایین وپەرەپێدانی دینی ئیسلامی لە ئەستۆ بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بناغە و هێزی جووڵێنەر بۆ پەرەپێدانی خەلافەت/ئیسلام، عەقڵی ئابووری/ غەریزی عەشیرەتە عەرەبەکان و دەمارگیری قورەیش بووە و لەژێر ڕێنوێنی پەیامی خودایی و سەرۆکایەتی موحەمەد، عەقڵی سیاسی ئیسلام داڕێژراوە و نووسراوە. عەقڵی ئابووری/ غەریزی عەشیرەتە عەرەبەکان بریتی بووە لە: بوێری/جەنگاوەری ،تاڵانکردن/دەستدرێژی، هێزی جنسی/ژن، هەورەها دەمارگیری قورەیش، باڵادەستی و دەوڵەمەندی.

 

پێغەمبەر بە واتا قورئانییەکانی تاڵانی/زەکات، شەڕ (جیهاد)، خوێن بایی (جزیە)، کۆیلەی ژن/ فرەژنی، ڕەوایی ئیسلامی بە نەریتی عەشیرەتە عەرەبەکان بەخشیوە و لە جێگای دەوڵەمەندی خوێنی قورەیش، دەوڵەمەندی دینی هاوڕێیانی پێغەمبەری پەیڕەو دەکرد و هەورەها لە جێگای شیعری سەردەمی دواکەوتوویی (جاهلییەت)، دەقی پیرۆز/خودایی قورئانی هاورد و هەروەها لە جێگای پەرتەوازەیی عەشیرەتە عەرەبەکان، واتای نەتەوەی یەکڕیزی ئیسلامی داڕشتووە.

پێغەمبەر بە ڕەوا دانانی ڕشتنی خوێنی نەیارانی خودا (قاتلو...) و تالانکردنی سامان وداهات (تاڵانی) وهژمونی ئیسلام دژ بە کوفر (جاهدو... اطیعو...) ، لە عەقڵی ئابووری/غەریزی و دەمارگیری قورەیش کەڵکی وەرگرت و بەتێکەڵکردنی ئەو عەقڵە لەگەڵ قورئان، عەقڵی سیاسی ئیسلامی داڕشت. بناغە و هێزی بەرهەمهێنەری عەقڵی سیاسی ئیسلام بریتییە لە تاڵانی/زەکات کە بە داگیرکردنی وڵاتی بێ باوەڕەکان (کافر) مسۆگەر دەبوو. قورئان /ئیسلام و خەلافەت/دەوڵەت، بە دوو تەوەری هەژمونێک/عەقڵی و سەربازی/ ئیداری عەقڵی سیاسی ئیسلام دادەنرێت.
وشە سەرەکییەکان: ئیسلام، عەرەبییەت، دەمارگیری/ناسیوناڵیزم، خەلافەت/ دەوڵەت، عەشیرە/ حیزب

پێشەکی:
پێغەمبەری ئیسلام لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئیسلام، بەدەستهێنانی خەزێنەکانی قەیسەر و کەسرای بە ئەرکی خۆی دەزانی. خەزێنەکانی قیسەر و کەسرا لە دەستی دوو ئیمپراتووری زلهێزی ئەو سەردەمە، واتە روم و ئێران بووە. مەرجی گەییشتن بە خەزێنەکان، شکست و لەناوچوونی دوو ئیمپراتووری زلهێز بووە. بۆ شکستی دوو ئیمپراتووری زلهێز، ئیمپراتوورییەکی زلهێزتر پێویست بووە. بەڵام وڵاتی عەرەبستان، واتە شوێنی دەرکەوتنی پێغەمبەر، لە ئیمپراتوورییەکی زلهێز بێبەش بووە. پێکهێنانی ئیمپراتوورییەکی زلهێز پێویستی بە ئیدیۆلۆژی/ دینێکی گشتگیر و پیرۆز هەیە. کەوایە هەموو هەوڵی پێغەمبەر لەوەدا بووە کە عەشیرە پەرتەوازەکانی عەرەب وەکو نەتەوە/ئیمپراتورییەکی یەکڕیز کۆبکاتەوە و هێزی جەنگاوەری عەشیرەتەکان بۆ شەڕی دەرەکی بەکاربهێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ناوبانگ و سەرۆکایەتی مەعنەوی/ ماڵی عەشیرەتی قوڕەیش، سەرەتا پێویست بووە کە لەگەڵ قورەیش رێکەوتن بکات. بۆ ئەم مەبەستە، هەموو خوداکانی قوڕەیش/ عەرەبی لە خودایەکدا تواندەوە و لەناوی بردن. بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە دەمارگیری لەسەر بازرگانی و باڵادەستی داڕێژرابوو، نەک لەسەر باوەڕ بە خوداکان و خوداکان تەنیا ئامرازی بازرگانی و ناوەندخوازی سیاسی بوون.بەم هۆیەش بوو کە پێغەمبەر بە ناچار لۆژیکی خودی عەشیرەتەکان، واتە تاڵانکردن/تاڵانی، شەڕ/جیهاد و... دژ بە قورەیش/ عەرەب بەکارهێنا. لەلایێکەوە هەوڵی ئەوەی بووە کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەقی ئاسمانیی قورئان، عەشیرەتەکان لە نەتەوە و سیستەمی یەکڕیزی ئیسلامی کۆبکاتەوە و لەلایەکی دیکەوە بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەربازی، هەوڵی شکستهێنان بە عەشیرەتە عەرەبەکان و هێرش کردنەسەر بەرژەوەندی ئەوانی داوە و هاوکات لە نەتەوەیەکی نوێدا، بەڵێنی باڵادەستی بە قوڕەیش و دەسکەوتی شەڕی بە عەشیرەتەکان داوە. کەوایە گرێبەستێکی نەنووسراو لەنێوان پەیامی ئاسمانیی پێغەمبەر، هژمونی قورەیش و لۆژیکی عەشیرەدا واژۆ کراوە. خاڵەکانی ئەم گرێبەستە نهێنییە بریتی بووە لە قبووڵکردنی دینی ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام لەلایەن عەشیرەتەکانی عەرەب/قوڕەیش، پاراستنی بەرژەوەندی و بەکارهێنانی عەقڵی ئابووری/ غەریزی عەشیرەتە عەرەبەکان و هەروەها پاراستنی باڵادەستی قوڕەیش لە شارستانییەتی نوێی ئیسلامدا.

 

عەشیرەتە عەرەبەکان بە دەمارگیری و هێزی خۆیان دینی ئیسلامیان بڵاودەکردەوە و هەروەها ئیسلامیش لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەی خۆیدا، سامان و داهات و زەوینی وڵاتە داگیرکراوەکانی لەچوارچێوەی تاڵانی/ کۆیلەی ژن، پێشکەش بە عەشیرەتەکان (هەروەها زەوینی بەهەشت و حۆرییەکانی پێشکەش بە شەهیدان دەکرد) دەکرد و باڵادەستی قوڕەیشی بەسەر هەموو عەرەبەکان دەپاراست و تەنانەت ئەم باڵادەستییەی بۆ هەموو ئیمپراتوری/ خەلافەت دەگواستەوە.

عەقڵی سیاسی ئیسلام لەسەر بزوێنەری تاڵانی/ داگیرکردن (عەشیرەتەکان)، هێزی سەربازی دەوڵەت/ خەلافەت (قورەیش) و ڕەوایی دین (پێغەمبەر) داڕێژراوە و بناغەی ئەم عەقڵە، عەقڵی ئابووری/ غەریزی عەشیرەتە عەرەبەکان بووە و باڵادەستی ئەم عەقڵە، باڵادەستی دەمارگیری قوڕەیش و یاسای ئەم عەقڵە پەیامی ئاسمانی پێغەمبەر بووە. کەوایە، بناغە لەسەر پرسێکی سیاسی عەرەب/ئەوی دیکە بووە کە لە چوارچێوەی هەڵچوونی ئەخلاقی/ دینی خۆی نواندووە.

بناغە و هێزی بەرهەمهێنەری خەلافەتی عەرەبی/ئیسلامی، لە سەردەمی قورەیش تا سەردەمی داعش بریتی بووە لە زەکات، خوێن بایی، باج و تاڵانی/ تاڵانکردن، هەروەها لە کۆشکەکانی قەیسەر و کەسرا تا شەنگال و کوبانی بەپێی نمونەی داگیرکردن/جیهاد داڕێژراوە، خەلافەتی ئیسلامی بەرهەمهێنەری سەرلەنوێ یان ئامرازی سەربازی/ئیداری تاڵانکردن و هەروەها ئیسلامیش هێزی ئیدیۆلۆژیک و ڕەوایی بەخشی تاڵانکردن و داگیرکردنەکان بووە. لە ناوچەکانی بەنی نەزیر/رەدە تاشەنگال/ کوبانی، لۆژیکی لایەنگرانی ئەم خەلافەتە پیرۆزە کە ئامانجی داگیرکردن/تاڵانکردن بووە، بە مەرجی پێدانی خوێن بایی/باج و زەکات، قبووڵکردنی ئیسلام یان لە چوارچێوەی تاڵانکردن/کۆیلەی ژن، دوورخستنەوە و جیهاد بووە. کۆتایی و لووتکەی قبووڵکردنی ئەم دینە، شێوازی ڕازاوەی هەمان رەدە/شەنگال، واتە داگیرکردن و تاڵانکردن بووە. واتە لە هەر دوو شێوەکەیدا، یەکەم،داگیرکردن/زاڵبوونی عەرەب/ئیسلام و دووەم تالانکردن/کۆیلایەتی بێ باوەڕەکان/غەیری عەرەب، بەردەوام دەبێت. قەومی عەرەب لە ئاکامی داگیرکردن و تاڵانکردنی سامان و داهاتی نەتەوەکانی غەیری عەرەب، وەک قەومی باڵادەست و قەومەکانی دیکە وەک قەومی بندەست بوون. هەروەها دەوڵەت/خەلافەت و ئیسلام/دین وەک دوو هێزی جێبەجێکار و تیۆریک لەپێناو باڵادەستی قەومی عەرەبدا بوون. پێکهاتەی ئیسلام بریتی بووە لە: تاڵانی/بەرژەوەندی (گەدە) و غەریزە/کۆیلەی ژن (ژێرگەدە)، دەوڵەت/خەلافەت هێز و ئیسلامیش مێشک/عەقڵی ئەم پێکهاتە بووە.

ئەو مێشکەی کە سەرچاوەی کردەوەکانی غەریزەیە. مێشک بە درووشمی بەزەیی و لێبوردەیی وپێکهاتەی یاسای ئیسلام زوڵم وبێ بەزەیی بووە. مێشک پەیامی هاوڕێیەتی و هێزی شمشێر وەکوو هەڕەشەکەی بووە. مێشک بانگەشە بۆ بەهەشتی ئاسمانی و پێکهاتە بەدوای بەهەشتی زەوینیدا دەگەڕێت. مێشک بایەخ بە دونیا نادات وپێکهاتە هۆگری دونیایە. مێشک بانگەشە بۆ تەرکی دونیا وپێکهاتە کەسێکە هۆگری دونیایە. ئێمە (غەیری عەرەب) بە هیوای بەهەشتی ئاسمانی و عەرەبەکان بە هیوای درووستکردنی بەهەشتی زەوینیە. ئیسلام دینێکی بەبێ کەم و کوڕییە، لە لایێکەوە پەیامی ئەخلاقی و ئاسمانی رۆژی دوایی هەیە و لەلایەکی دیکەوە گەڵاڵەی سیاسی هەیە. ئێمە وەک هەڵگری ئەخلاق و لایەنی ئاسمانی ئیسلام و عەرەبەکان بە جێبەجێکاری گەڵالەی سیاسی ئیسلام دادەنرێن.

ئێمە بەهۆی پەیامی ئاسمانییەوە مەست و بێ ئاگا بووین و عەرەبەکان بەهۆی سەمای زەوینی خۆیانەوە، وشیارن، بەهۆی تەپ و تۆزی ئاسمانی سەمای ئەوانەوە، شەڕی زەوینی عەرەبەکان شاردراوەتەوە. موحەمەد نێردراوی خودایی بۆ قوڕەیش و ئێمە هۆگری لایەنی ئاسمانی پێغەمبەری قوڕەیش، عەرەبەکان گوێرایەڵی سیاسەتمەداری خودایی و ئێمە عاشقی بانگەشەی ئاسمانی و عەرەبەکان سەرقاڵی غەریزەی زەوینی، ئێمە بەرەو کەعبەی هیواکان هەنگاو دەنێین و عەرەبەکان سەرقاڵی خەزانەی دەوڵەتی ئیسلامی. ئەرکی پیرۆزی ئێمە و پیرۆزیی ئەرکی عەرەبەکان. رۆژی دوایی بەرهەمی کێڵگەی دونیایی ئێمە و کێڵگەی دونیا بەرهەمی رۆژی دوایی عەرەبەکان. ئێمە عاشقی شاژنی ئیسلام و شاژنی ئیسلام ئامرازی حەزی جنسی پاشای عەرەب بووە. 

چوارچێوەی تیۆری (مۆدێلی شیکاریی مارکس)
لە ئەمڕودا رەخنە لە بۆچوونەکانی مارکس زورە. پێشبینی مارکس درووست دەرنەهات بە وتەی فۆکۆ ماسی مارکسیزم هێزی مەلەکردنی لە ئاوی سەدەی بیستەمدا نەماوە. بەڵام ڕەوشتی شرۆڤەی کۆمەڵناسی مارکس، هێشتا ڕوانگەیەکی زانستییە بۆ لێکدانەوەی پەیوەندی دەقەپیرۆزەکان وەک قۆرئان لەگەڵ لێکترازانی کۆمەڵگا و پێکهاتنی دەوڵەت.

واتایەکی سەرنجڕاکێشی مارکس ئەوەیە کە دەڵێت رەخنە لە ئاسمان دەبێ جێگای خۆی بە رەخنە لە زەوی بدات... واتە هەموو راستییەکانی میتافیزیکی ئیدیولۆژی بە مانای "واتا لە خزمەت دەسەڵاتدایە". و بەرژەوەندی چینایەتی بۆ پاساوی هەژمونی خۆی راستی میتافیزیکی درووست دەکات و بەم هۆیە بە جێگای ون بوون لە خەیاڵاتی میتافیزیکی کە هیچ ناوەرۆکێکی نییە، دەبێ ئەو بناغە راستەقینەی کە خۆڵقێنەری راستییەکانە، واتە بەرژەوەندی چینایەتی بناسین و رەخنەی لێ بگرین. مارکس هەموو تەوەرەکان(دین، کەلتوور، ئەخلاق، ئەفسانەو...) بە بێ ناوەرۆک و بە ئیدیولۆژی(واتا لە خزمەتی دەسەڵاتدا) پێناسە دەکات و مانای تەوەرەکان لە دەرەوەی تەوەرەکان دایە، واتا لە بناغەی بەرژەوەندییەکان و هێزی بەرهەمهێنانە و تەوەرەکان لە خزمەت و بەرهەمهێنەری دەسەڵاتن. هەروەها مارکس دەوڵەت بە هێمای خودا و نوێنەری بەرژەوەندی گشتی یان دیاردەیەکی سروشتی، ناژمێرێت بەڵکوو دەوڵەت بە ئامرازێک بە سەربەخۆییەکی نسبی بەرهەمهێنەری بەرژەوەندی چینی باڵا دەست دادەنێت. مارکس بە "لە ناوبردنی جیهانی بوونی هەقێقەت، هەقێقەتی ئەم جیهانەی چەسپاند" دەبێ بە کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەی مارکس"رەخنە لە ئاسمان بۆ رەخنە لە زەوین، رەخنە لە دین بۆ رەخنە لە یاسا و رەخنە لە تئولۆژی بۆ رەخنە لە سیاسەت بگۆردرێت" دەبێ رەخنە لە جیهانی هەقیقەت ‌(قورئان و ئاڤێستا) ئیسلامی/ئێرانی بگرین و هەقێقەتی جیهانی هەژمونی و دەوڵەتەکانیان ئاشکرا بکەین. تەوەرەکانی ئیسلامی/ئێرانی، بێ ناوەڕۆکن، و واتا و ناوەرۆکی لە بەرژەوەندی و هژمونی قەومی خۆیان دایە. بۆ بەکار هێنانی واتایی بیرۆکەی مارکس لە شرۆڤەکردنی دەوڵەتی ئێرانی/زەردەشتی و ئیسلامی/عەرەبی دەبێ بە پێی لۆژیکی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەستێوەردان لە بیرۆکەی مارکس بکەین. مارکس چینی کۆمەڵگا بە هێزی جووڵێنەری مێژوو و بناغەی کۆمەڵگا دادەنێت و دەوڵەت و تەوەر (دین، کەلتوور، ئەفسانە و...) بە روبنا یان بەرهەمهێنەری بناغەی هێزی بەرهەمهێنان ئەژمار دەکات. بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چینێکی سەربەخۆ و جیا لە دەوڵەت، کە بەرهەمهێنەری‌ دەوڵەت بێت هیچکات بوونی نەبووە.

 

بەڵام نموونەی مارکس کە دەڵێت دەوڵەت لەسەر بناغەی لێکترازانی کۆمەڵگا درووست دەبێت و ئامرازێکە بۆ بەرژەوەندی تاقمێک لە کۆمەڵگادا، کە ئێستاش ئەم وتە گۆنجاوە بەو جیاوازییە کە ئەم تاقمە چینێکی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو قەوم/عەشیرەیە‌ کە دەوڵەتەکان (خەلافەت/ئیمپراتووری) ئامرازی هژمونی قەوم/عەشیرەی باڵادەستی سەربازییە. بناغەی دەوڵەت و تەوەرەکانی وەکوو قورئان و... لە بەرژەوەندی قەومی/عەشیرەتیدایە و هێزی جووڵێنەری مێژوو و بناغەی کۆمەڵگا، بەرژەوەندی قەومی/عەشیرەتییە. دەوڵەت، دین و زانستی ئیسلامی ئامراز یان بەرهەمهێنەری بەرژەوەندی و هژمونی قەومی عەرەبە. بیرۆکەکانی مارکس سەبارەت بە دەوڵەت لە دوای خۆی بە دوو بەش دابەس کراوە کە بناغەی هەردوو بیرۆکە لە بۆچوونەکانی مارکسدایە. یەکام بیرۆکەی ئامراز بوونی دەوڵەت، کە پلخانف و کائوتسکی بەرگرییان لێ دەکرد بەو مانایە کە دەوڵەت لێژنەی بەرێوەبەری چینی بورژوازیە وسەربەخۆ نییە. بیرۆکەی دووەم، بیرۆکەی سەربەخۆیی نسبییە کە گرامشی و پولانزاس بەرگرییان لێ کردووە. پولانزاس کاروباری سیاسی و ئیدیولۆژی نە تەنیا وەک بەرهەمهێنان، بەڵکوو بە بەشە سەرەکییەکانی پەیوەندی کۆمەلایەتی کە لە سەرلەنوێ درووستکردنەوەی پرۆسەی چینی باڵادەستدا رۆڵێکی ئەرێنی هەیە. دەوڵەتی برژوازی بە تاکتیک و فێڵی هەر کەسە و یەک دەنگ لە دیموکراسیدا، نەتەوە دابەش دەکات و خەبات لە ئابووری بۆ سیاسەت دەگوازێتەوە. بەم تاکتیک و فێڵە چین دابەش دەکات و بوونی خەباتی چینایەتی رەتدەکاتەوە. لە روانگەی پولانزاسدا دەوڵەتت برژوازی، یەکریزی چینەکان لە ناو دەبات و یەکریزی اتمیزەی دەوڵەت – نەتەوە درووست دەکات (پولانزاس لە مارش، 394:13889). هەروەها کە ئاماژەمان کرد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێکهاتەی دەوڵەت چینایەتی نییە، و قەومییە، و بە دابەشکردنی تاکەکان لە چوارچێوەی یەکریزی دینی یان نەتەوەیی، ئۆمەت(گەل) یان نەتەوە، لەهەوڵی رەتکردنەوەی لێکدابڕانی قەومیدایە. دەوڵەتی ئێرانی/عەرەبی لە دوای سەقامگیری، نە تەنیا روبنا، بەڵکوو لە بەشە سەرەکییەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بووە کە لە سەرلە نوێ درووستکردنەوەی پرۆسەی هژمونی قەومیدا رۆڵێکی ئەرێنی هەیە.

بانگهێشتی پێغەمبەر، بانگهێشتێکی مەعنەوی بۆ بەختەوەری لە دواڕۆژدا یان ئیستراتیژی سیاسی بۆ هژمونی دونیایی؟
بە پێچەوانەی بۆچوونی لێکۆڵەران، راگەیاندنی حکوومەت بۆ دینی ئیسلام بەهۆی بارودۆخ نەبووە و بەڵکوو بانگهێشتی پیغەمبەری ئیسلام لە سەرەتاوە، ڕەهەندی سیاسی و هەڵگری گەڵاڵەیەکی سیاسی ڕوون بووە و ئەویش بریتی بووە لە لەناوبردنی دوو دەوڵەتی ئێران و ڕوم و هەروەها بەدەستهێنانی خەزێنەکانی ئەم دوو دەوڵەتە. "مێژوونوسان ئاماژە بە کەسێک بە ناوی عەفیف کەندی دەکەن کە دەڵێت: بازرگان بووم و لە بۆنەی حەج چووم بۆ مەکە بۆ لای مامی پێغەمبەر، واتە عەباس، کاتێ کە لەلای ئەو بووم، پیاوێک هاتە دەرەوە و بەرەو کەعبە نوێژی دەکرد، پاش ئەو ژنێک هاتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نوێژی دەکرد و هەروەها مێردمنداڵێک لەگەڵیان نوێژی دەکرد. پرسیام کرد لە عەباس کە ئەم دینە چییە؟ وتی ئەمە برازاکەم واتە موحەمەد کوڕی عەبدوڵلایە و دەڵێت نێردراوی خودایە و خەزێنەکانی کەسرا و قەیسەر دەبێت بە مۆڵکی ئەو "(تەبەری،ج3،1389،47 – 48 . ئیبن ئەسیر ،ج2،1370، 872 .جابری 1387 ،87). هەروەها پێغەمبەر بەرامبەر بە سەرۆک عەشیرەتەکانی قوڕەیش کە بۆ سکاڵاکردن لە ئەو بۆ لای ئەبوتاڵب رۆشتبوون، دەڵێت: "یەک رەستە بۆ من دووپات بکەنەوە (لائیلاهە ئیلەڵڵاە) تاکوو دەسەڵات و پاشایەتی عەرەب بە دەستبهێنن و هەموو غەیری عەرەبەکان لە بەرامبەر ئێوەدا کڕنوش بەرن" (ئبن ئەسیر، هەمان سەرچاوە، 882. تەبەڕی هەمان سەرچاوە، 54). لێکۆڵەران بۆ شرۆڤەی ئایەتی 26 لە سورەتی ئال عەمران دەڵێن: "کاتێ کە پێغەمبەر مەککەی داگیرکرد، بەڵێنی پاشایەتی ئێران و رومی بە نەتەوەی خۆی داوە (ئەلزمخشری،421، بە وتەی جابری 87 – 89 ). ئەوە ڕوونە کە ئامانجی پێغەمبەر لە داڕشتنی گەڵالەی دینی ئیسلام، گەییشتن بە خەزێنەکانی قەیسەر و کەسرا و یەکڕیزی عەشیرەتە پەرتەوازەکانی عەرەب بەمەبەستی پێکهێنانی ئیمپراتوری بووە.

 

هەروەها لەم وتارەدا، رێکەوتنی نەنووسراوەی دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش لەگەڵ پێغەمبەری ئیسلام بە ڕوونی دیارە کە ئەویش بریتییە لە قبووڵکردنی دینی ئیسلام لەلایەن قوڕەیش و بەڵێنی دەسەڵات و پاشایەتی بۆ عەرەبەکان لەلایەن پێغەمبەر. لە ڕاستیدا دەبێ بڵێین کە ئامانج لە داڕشتنی گەڵالەی ئیسلام و پێکهێنانی خەلافەت/ئیمپراتوری، تاڵانکردنی سامان و داهاتی خەڵک لەژێر ناوی زەکات، جزیە(خوێن بایی) و غەنیمەت (تاڵانی) بووە. بە بۆچوونی پێغەمبەر، جیاوازی ئەرکی پێغەمبەر لەگەڵ پێغەمبەرانی دیکە لە پێنج خاڵدایە کە بریتییە لە: دوو خاڵی بریتییە لە ڕەوابوونی تاڵانی و داگیرکردنی زەوین (زەیعور لە فیرحی،1378،143). بابەتی دیکەی زۆر هەیە کە لەم لێکڵینەوەیەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە بە وردی باسی بکەین، شایانی باسە کە بە تەواوی ڕوونە کە بانگەوازی موحەمەد  هەر لە رۆژە سەرەتاییەکانەوە وەک پرۆژەیەکی سیاسی بووە کە ئامانجی گەییشتن بە خەزێنەکانی کەسرا و قەیسەر و هەژمونی قوڕەیش بەسەر عەرەبەکان و هەروەها هەژمونی و باڵادەستی عەرەب بەسەر غەیرە عەرەبەکان بووە.

مەرجی گەییشتن بە خەزێنەکانی قەیسەر/کەسرا، شکستی دوو ئیمپراتوری گەورەی ئێران/روم بووە وهەروەها مەرجی شکستی ئەو دوو ئیمپراتورییە، یەکڕیزی عەشیرەتە عەرەبەکان لە چوارچێوەی یەک نەتەوە/ئیمپراتوری بووە و هەورەها مەرجی یەکڕیزی ئیمپراتوری،دین/ئیدیۆلۆژییەکی پیرۆز و بەکارهێنانی لۆژیکی عەشیرە لە چوارچێوەی نەتەوەی نوێدا بووە. عەشیرەتە عەرەبەکان پەرتەوازە بوون و خودای جۆراوجۆریان هەبووە. پێغەمبەری ئیسلام بۆ سڕینەوەی دژایەتی عەشیرەتەکان و یەکڕیزی ئەوان لە ژێر سیبەری دەسەڵاتێکی زاڵ، سەرەتا خوداکانی ئەوانی لە خودایەکی گەورە بە ناوی " ئەڵڵا "ـدا تواندەوە و لەناوی بردن و رێگایەکی تیۆریکی بۆ دەسەڵات و هەژمونییەکی تاکی بەسەر فرەچەشنی کردەوە. پاش داڕشتنی تیوری یەکڕیزی، بە لەبەرچاوگرتنی دژایەتی قوڕەیشییەکانی مەکە لەگەڵ خۆی، بە مەبەستی پێکهێنانی دەوڵەت/حکوومەتێکی تاک و ڕاکێشانی ئەوان بۆ ئیسلام، لەسەر لۆژیکی عەشیرە/قوڕەیش و ڕوالەتی ئیسلامی، هەنگاوگەلێکی هاویشت. ئەم هەنگاوانە بەرهەمیشی هەبوو، لەبەر ئەوەی کە دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش و عەشیرەتەکانی عەرەب، بەهۆی هەژمونی سیاسی ئیسلام کە رێگای بۆ باڵادەستی و ناوەند بوونی عەرەبستان و قوڕەیش/مەکە دەکردەوە، باوەڕیان بە ئیسلام هێنابوو. هەروەها کە دژایەتییە پێشووەکانی دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش لەگەڵ پێغەمبەری ئیسلام لەبەر هۆکار و باوەڕی دینی نەبووە، بەڵکو بەهۆی بەرژەوەندی ئابووری بوتەکانی کەعبە بووە. (جابری،1384،159). هێرشکردنە سەر بوتەکان بە واتای هێرشکردنە سەر داهاتەکانی حەج/سەردانی بوتەکان بووە و داهاتی بازرگانی عەرەبی لەوە سەرچاوەی گرتووە (هەمان سەرچاوە،160).
 
دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش پاش ئەوەی کە لە سەرەتادا بەرگرییان دەکرد، بەڵام لەدوای ئەوەی کە پێغەمبەر لۆژیکی ئەوانی قبووڵ کرد، بەو ئاکامە گەییشتن کە ئیسلام نە تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئابووری ئەوان مەترسییەکی نییە، بەڵکو بەهۆی بوتی نوێی کەعبە/حەج، رێگا بۆ هاتنی بەلێشاوی زیارەتکەر بە بەراورد لەگەڵ بوتە عەشیرەتییەکان دەکرێتەوە و بازرگانی ئەوان گەشە دەکات و لە کۆتاییدا قازانجێکی زۆرتر بە بازرگانەکان دەگات (Gibb,5,1962). بەم هۆیەش بوو کە نە تەنیا دەوڵەمەندە عەرەبەکان دژایەتی ئیسلامیان نەکرد، بەڵکو لەپێناوی ئیسلامدا رکابەری یەکدییان دەکرد. پێغەمبەر بە گۆڕینی قیبلە لە بەیتولموقەدەس بۆ مەکە، هەورەها بە واژۆکردنی ئیسلامی، نەریتی حەج، ئەو پەیامەی دەگەیاند کە مەکە و دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش لەژێر سێبەری حەجی ئیسلامیدا لە پاراستنی دەوڵەمەندی و بازرگانی خۆیان بەردەوام دەبن. " حەجی موسوڵمانەکان بە واتای ئەوە بوو کە داهاتەکانی قوڕەیش بەهۆی حەج و زیارەتەوە نە تەنیا خەسارێکی لێ ناکەوێت، بەڵکو ئەو داهاتانە زۆرتریش دەبێت (جابری، هەمان سەرچاوە، 187). زۆرینەی بنەماکانی خوداناسی وانەکانی پێغەمبەری ئیسلام لەگەڵ بابەتە بازرگانییەکاندا هاتووە و دەستەواژە تایبەتەکانی قورئان تێکەڵ بە واتاکانی بازرگانی بووە (33.grunbaum). دەوڵەمەندەکانی قورەیش بە بزوێنەر و هۆکاری قازانج بردن، بە گشتی بەرامبەر بە بزووتنەوەی نوێ بە شێوەیەکی رواڵەتی باوەڕیان بە ئیسلام هاورد. هەورەها ئیسلام سەربەخۆیی ئابووری ئەوانی لەناو نەبرد (Gibb,5,1962). دەوڵەمەندەکانی قوڕەیش بە پاراستنی پێگەی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی خۆیان ،تێکەڵ بە دەوڵەتی ئیسلامی مەدینە بوون " (جابری، هەمان سەرچاوە،246). بەم هۆیەش بووە کە بە بۆچوونی برترام توماس کە بە درووستی ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵگای سەرەتایی ئیسلام، هاوشێوەی عەشیرەتێکی زلهێز بووە (Thomas,125,1937). ئیسلام کەڵکی لە شێوازی پێکهاتەیی عەشیرەتی وەرگرت و عەشیرەتی تێکەڵ بە خۆی کرد (فیرحی،1378،135).

پێغەمبەر لە هۆکاری باوەڕ هاوردنی خەڵکی مەکە بە ئیسلام بە ئاگا بووە و بەم هۆیەشەوە لە کاتی داگیرکردنی مەکەدا، بۆ ئەو کەسانەی کە موسوڵمانی نوێ (موئەلەفەتی قلوبوهوم) بوون و ئێمانێکی لاوازیان هەبوو، تاڵانی زۆرتری پێشکەش کرد (تەبەری،1375،49).

سەد وشتری بە ئەبوسوفیان، سەد وشتری بە یەزید و سەد وشتری بە مەعاویە و کوڕەکانی ئەبوسوفیان پێشکەش کرد. (جابری،193). تەنانەت پاش پێشکەشکردنی ئەو هەموو خەڵاتە، هێشتا کەسانێ وەک ئەبوسوفیان دژ بە باوەڕهێنان بە ئیسلام بوون. پێغەمبەر بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئەبوسوفیان لەهەمان ئامرازە عەشیرەتییەکان کەڵکی وەرگرت. کەسانێکی بۆ حەبەشە نارد تا خوازبێنی لە "ئوم حەبیبە" واتە کچی ئەبوسوفیان بکەن کە هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردبوو، لە قورئانیشدا پیرۆزبایی لەم خوازبێنییە دەکرێت (عەسا ئەن یەجعەلە بەینەکوم وە بەینەل لەزینە عادەیتوم مەوەدە .....) . بە هاوسەرگیری پێغەمبەر لەگەڵ "ئوم حەبیبە" لە ڕێژەی دوژمنایەتی ئەبوسوفیان کەم بوویەوە. پێغەمبەر پاش بیستنی نەرمی نواندنی ئەبوسوفیان، وتی: "جگە لەم شێوازە، پۆزەی ئەم گا نێرە لەخاک نەدەدرا "(تەبەری ،1375،65). پاش داگیرکردنی مەکە،پێغەمبەر بەڵێنی پاراستنی ماڵ و سامان و پێگە و دەسەڵاتی بە ئەبوسوفیان دابوو. هەروەها ئەبوسوفیان پاش داگیرکردنی مەکە و ئیمان هاوردنی، بەرامبەر بە عەباس، واتە مامی پێغەمبەر وتی:"سوێند بە خودا کە پاشایەتی برازاکەت لە گەشەکردندایە". تەبەری ئاماژە بە باسێکی عەباس، واتە مامەی پێغەمبەر دەکات کە دەڵێت: " هەر داواکارییەک لەلایەن ئەبوسوفیانەوە بۆ پێغەمبەر هاتبێت،پێغەمبەر قبووڵی کردووە".

 

بەم پێیەش، دەوڵەمەندەکانی قورەیش/عەرەب لەچوارچێوەی هاوڕێیانی (سەحابە) پێغەمبەر پێگە و دەسەڵات و هەروەها توانای ناوبژیوانی و گرێبەستی خۆیان و... دەپاراست و داب و نەریتەکانی قورەیش وەک: حەج، تاڵانی، کۆیلەی شەڕ و... لەژێر ئاڵای ئیسلامدا سەر لەنوێ زیندوو بویەوە. هەموو عەشیرەتە عەرەبەکان بەهۆی وەرچەرخانی پێغەمبەر لە درووشمە مرۆییەکانی بەرەو درووشمەکانی قاتیلو فی سەبیلییل لاە و تاڵانی/کۆیلەی ژن و... بە مەبەستی تاڵانکردنی سامان و داهاتە کۆکراوەکانی نەتەوەکانی دیکە، باوەڕیان بە ئیسلام هاورد. " ئیسلامی عەشیرەتەکان هاوشێوەی ئیسلامی هەموو عەرەبەکان و هەروەها ئیسلامی ئەو کەسانەی کە بە درۆزن ناودەبران و ئیسلامی قورەیش و... هەموویان ئیسلامی سیاسی بوون، هاوشێوەی ئەو گرێبەستەی کە عەشیرەتە عەرەبییەکانی سەردەمی نەزانین لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتی سەرکەوتوو لە شەڕەکانی پێغەمبەردا واژۆیان دەکرد " (جابری، هەمان سەرچاوە، 206). دەتوانین بڵێین کە ئەم وتەی جابری سەبارەت بە ئیسلام و پەیامهێنەرەکەی ڕاستە کە تێیدا دەڵێت کە: جەنگاوەرانی عەرەب بەهۆی داگیرکردنی زەوین و دەسەڵات شەڕیان دەکرد نەک لەبەر گوێرایەڵی تایبەت بۆ کەسایەتی و کاریزمای پێغەمبەر (ترنر، هەمان سەرچاوە،58). بەهۆی ئەوەی کە شەڕی ئایینی لە ئیسلامدا بە ئامانجی فیوداڵی واتە داگیرکردنی زەوینی فراوان بووە (Weber,87,1965). عەشیرەتە عەرەبییەکان یان بەهۆی بەڵێنی دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی یان بەهۆی هەڕەشە و هێزی سەربازییەوە باوەڕیان بە ئیسلام دەهاورد (Gibb,ibid). پێکهاتەی عەشیرە نە تەنیا پاڵپشتی لە نێردروای خودا دەکرد، بەڵکو بوو بە هێزی جووڵێنەری دەوڵەتی ئیسلامی و هۆکاری پەرەسەندنی ئیسلام لە دەرەوەی سنوورەکانی مەدینە هێز و پاڵپشتی عەشیرەتەکان‌ بووە (فیرحی،1378،138 – 139). 

کەوایە تاڵانی و دەسکەوتی شەڕ یان مەترسی لە ناوچوونی، هۆکاری سەرەکی پێداگری قورەیش لە بەرامبەر بانگهێشتی پێغەمبەر بووە (جابری، هەمان سەرچاوە،159). هەروەها پاش پێداگری سەرەتایی دەوڵەمەندەکان و عەشیرەتەکان، هۆکاری سەرەکی قبووڵکردنی ئیسلام، گەییشتن بە دەسەڵات و دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی بووە. لایەنگرانی سەرەتایی ئیسلام ئەو کەسانە بوون کە تەنیا بە هیوای بە دەستهێنانی دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی و داگیرکردنی وڵاتەکان باوەڕیان بە ئیسلام هاوردبوو (وبر لە ترنر ،1379،37). شایانی باسە کە ئەوە تەنیا دەوڵەمەندەکان و عەشیرەکانی قورەیش/ عەرەب نەبوون کە بە لۆژیکی دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی، دژ بە ئیسلام یان پاڵپشتیان لە ئیسلام دەکرد. لۆژیکی دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی، رۆلێکی گرینگی لە پێکهاتنی دەوڵەتی پێغەمبەردا بووە.

پاش کۆچی پێغەمبەر بۆ مەدینە و بە مەبەستی درێژەپێدان بە بانگهێشتی ئیسلام، بۆ هێرشکردنە سەر کاروانی بازرگانی قورەیش و بە مەبەستی ئابڵۆقەی ئابووری مەکە و خۆبەدەستەوەدانی سیاسی و ناچارکردنیان بە باوەڕهێنان بە ئیسلام، سوپایەکی بۆ ئەو ناوچەیە نارد. بەهۆی ئەوەی کە هێرشکردنە سەر کاروانەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی بووە و بەکارهێنانی لەبەر خۆئامادەکردن و بە مەبەستی هێرشەکانی دوایی بووە. دەسکەوتی شەڕ و تاڵانی لە قۆناغی سەرەتایی بانگهێشتی ئیسلامدا رۆڵێکی گرینگ و کاریگەری بەرچاوی هەبووە (جابری، هەمان سەرچاوە،161). هێرشەکانی پێغەمبەر بۆ سەر کاروانەکان، هەموویان بە ئامانجی تاڵانکردنی کاروانە بازرگانییەکانی قورەیش بووە (هەمان سەرچاوە،175). لەو کاتەی کە پێغەمبەر لە مەککە و بەرامبەر بە دەسەڵاتی قورەیش، دەسەڵاتێکی لاوازی هەبوو، ناوەڕۆکی ئایەتەکانی قورئانی مەککە (حەفتاد ئایەت) ئاماژەیان بە خۆڕاگری دەکرد. بەڵام هاوکات لەگەڵ کۆچی پێغەمبەر بۆ مەدینە و بەستنی گرێبەستی بەرگری هاوبەش لە بەرامبەر قورەیش، ئایەتەکانی قیتال (قاتلو فی سەبیلیل لا ) هاتە خوارەوە کە بۆ هێرشکردنە سەر قورەیش رێگای بە موسوڵمانەکان دەدا (هەمان سەرچاوە،173). پێگەی پێغەمبەر وەک پێغەمبەر و سەرۆکێکی کاریزمایی، تەنیا لە باڵادەستی سەربازی و سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە (وبر لە ترنر ،1379،57). 

ماکس وبر بە درووستی ئاماژە بەوە دەکات کە هێزی کۆمەڵایەتی دینی ئیسلام، لە جەنگاوەرەکانی عەشیرەتە عەرەبەکان پێکهاتبوو. لە ئایەتی 1 و 41 ى سورەی ئەنفال، بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی لە بێ باوەڕەکان بە زۆرەملی تاڵان دەکرێت، چوار لەسەر پێنجی بۆ جەنگاوەرەکان دەبێت. ئەوە سەرنج راکێشە کە سورەی ئەنفال راستەوخۆ پاش شەڕی بەدر هاتە خوارەوە، کە ئاماژە بە چۆنیەتی دابەشکردنی دەسکەوت و تاڵانەکانی شەڕ دەکات. بەهۆی ئەوەی کە موسوڵمانەکان لەسەر دەسکەوتەکانی شەڕی بەدر، تووشی شەڕ بوون (جابری، هەمان سەرچاوە،179)

  • hersh qaderi. #هێرش_قادری 🔹🔸🔷 @HQADERI 🔷🔸🔹

نظرات  (۰)

هیچ نظری هنوز ثبت نشده است

ارسال نظر

ارسال نظر آزاد است، اما اگر قبلا در بیان ثبت نام کرده اید می توانید ابتدا وارد شوید.
شما میتوانید از این تگهای html استفاده کنید:
<b> یا <strong>، <em> یا <i>، <u>، <strike> یا <s>، <sup>، <sub>، <blockquote>، <code>، <pre>، <hr>، <br>، <p>، <a href="" title="">، <span style="">، <div align="">
تجدید کد امنیتی